موستەفا وسووقی، بەندکراوی خەڵکی نوورئاباد (دولفان)ی لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا لە سێدارە درا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦) ئەم بەندکراوە دوای نزیک بە ٣ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا لە سێدارە دراوە.
موستەفا وسووقی، ٢٧ ساڵان و خەڵکی گوندی «ڕێواسان»ی ئەیتیوەندی باشوور سەر بە شاری نوورئاباد، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.