ئێحسان نەورۆزی، بەندکراوی خەڵکی داڵاهۆ کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) لە سێدارە درا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥ (٢٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٦) دوای ٩ ساڵ بەندکران، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کراوە.

ئێحسان نەورۆزی، هاووڵاتیی کوردی یارسان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «پاڵانی عولیا»ی سەر بە شاری داڵاهۆ، ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) بە هۆی ڕووداوێکی «کوشتنی بەئەنقەست»ـەوە لە تێکهەڵچوونێکی کۆمەڵایەتیی دەستەجەمعیدا دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دادگای تاوان (کەیفەری)یەوە سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەر چووبوو.

Screenshot