له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتی كوردی ده‌ستبه‌سه‌ر كراو به‌ ناوه‌كانی میكائیل مینبه‌ری و ئارام مۆرادیان به‌ دانانی بارمته‌ی ٧٠٠و ٥٠٠ میلیۆن تمه‌نی به‌ شێوه‌ی كاتی له‌ زیندانی ناوه‌ندی سنه‌ ئازاد كران.

تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی به‌ده‌ست هێناوه‌‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ١٠ی گه‌ڵاڕێزان، مه‌كائیل مینبه‌ری دوای سێ مانگ و نیو ده‌ستبه‌سه‌ر بوون به‌ دانانی بارمته‌ی ٧٠٠میلیۆن تمه‌نی به‌ شێوه‌ی كاتی له‌ زیندانی ناوه‌ندی سنه‌ ئازاد كرا. ئه‌م هاووڵاتییه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٢٥ی جۆزه‌ردان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌ شاری سنه‌ ده‌ستبه‌سه‌رو ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م ده‌زگا ئه‌منییه‌ كرابوو. 

ناوبراو له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا دوای ته‌واو بوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان ڕه‌وانه‌ی زیندان كرابوو. 

هه‌روه‌ها ڕۆژی ڕابردوو ١١ی گه‌ڵاڕێزان ئارام مورادیان دوای نزیكه‌ی‌ پێنج مانگ ده‌ستبه‌سه‌ربوون به‌ دانانی بارمته‌ی ٥٠٠میلیۆن تمه‌نی له‌ زیندانی ناوه‌ندی سنه‌ ئازاد كراوه‌. ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ٨ی مانگی گوڵاندا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. 

تۆمه‌تی ئه‌م دوو هاووڵاتییه‌ هاوكاریكردن له‌ گه‌ڵ حیزبێكی‌ ئۆپۆزیسیۆنی كورده‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌..