زیندانیی سیاسیی کورد فەرانەک جەمشیدی کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت کرابوو، بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا. هەروەها هاوسەری ئەم زیندانییە سیاسییەیش، ئارمین ئێسپێرلووس، دوای ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

فەرانەک جەمشیدی، ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٤ مانگ و نیو لە ڕێکەوتی ٢٠ی گەڵاڕێزاندا بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەعیدی» بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کەردیدا» حوکمی ٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدا، لە لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەدا کەم کرایەوە بۆ یەک ساڵ زیندان.

هەروەها ئارمین ئێسپێرلووس، چالاکی ژینگەپارێز، کە لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا. ناوبراو هەمان ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دەوترێت تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و«ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کەردیدا» ڕووبەڕووی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە کراوەتەوە.

ئارمین ئێسپێرلووس پێشتر و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا، لە بەرواری ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا دەستبەسەر کرابوو و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو لە ڕەشەمەی ١٣٩٨دا بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ٣ مانگ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپا.