به ‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته ‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی گەڵاڕێزان، مەریەم سادقی، چالاکی کرێکاری و لە ئەندامانی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، دوای ٢ حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕێکەوتی ١ی گەڵاڕێزاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارە.

دەوترێت مەریەم سادقی دوابەدوای بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی دایە ئاسیە عەزیمی، دایکی دوو گیانبەختکردووی کۆمەڵە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەردا دەستبەسەر کراوە. پێشتر چالاکێکی کرێکاریی تریش، عوسمان ئیسماعیلی، لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەردا و هەر بەم تۆمەتە لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە لە سنە کرابوو.

ئاغای ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ٣ی گەڵاڕێزاندا بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.