بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانان (٣٠ی ئاگۆست) چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی دوای ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون، هەرکامە بە بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کران.

داواکاری گشتی و شۆڕشی سنە حەفتەی ڕابردوو بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم چوار چالاکە پیشەییەی بۆ سێهەم جار تازە کردبووەوە.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم ٤ چالاکە پیشەییە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر زەخت و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندان.

ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە ڕێکەوتی٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لەبەر چالاکییە پیشەییەکانیان و هەروەها بەشداریکردن لە مانگرتنی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران. ئەم چوا چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی کوردستان دوای دەستبەسەربوون ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون.

لەبەر ناڕازیبوونی لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئەم چوار مامۆستایە بە درێژایی ئەم ماوەیە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان بێبەش کرابوون.