نەهیە ڕەحیمی، دایکی دادخوازی ڕامین فاتیحی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە سنە، بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خراوەتە بەر لێپرسینەوەوە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕامین فاتیحیی برای ئەو گیانبەختکردووەیش بۆ هەمان ئەو ناوەندە ئەمنییە بانگهێشت کرابوو و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کرابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە تەلەفۆن ئەو دایکە دادخوازە ٧١ ساڵانەیان بانگهێشت کردبوو. ئەویش ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ سێیەم ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا سەردانی ئەو دەزگا ئەمنییەی کردووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خراوەتە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە.

نەهیە ڕەحیمی کە گیرۆدەی نەخۆشیی دڵە، لە لێپرسینەوەکاندا سەبارەت بە ئامادەبوونی لەسەر مەزاری ڕامین فاتیحیی کوڕی و سەردانکردنی مەزاری گیانبەختکردوانی دیکەی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» و هەروەها چالاکییەکانی ئەندامانی تری بنەماڵەکەی لە دەرەوەی ئێران، خراوەتە بەر گوشار و هەڕەشەوە.

ڕامین، وریا و ڕادا فاتیحی لە ڕێکەوتی ٢١ و ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (١٣ و ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بە هۆی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کران. ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەری هەمان ساڵ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) ئیدارەی ئیتلاعات بنەماڵەی فاتیحییان ئاگادار کردەوە کە ڕامین فاتیحی لە دەستبەسەرگەدا هەوڵی «خۆکوشتن»ی داوە و گیانی لە دەست داوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەو دەنگۆیانەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند کە ڕامین لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە. تەرمی ڕامین فاتیحی بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و بە شەو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا.

ڕادا و وریا فاتیحییش ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزان (٣ی نۆڤامبەر) دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کران.