تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ئازادی کۆبوونه‌وه‌

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی جوانڕۆدا گەنجێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/freedom-ku/freedom-of-gatherings/2019/11/18/p22786

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان لە جوانڕۆوە رایانگەیاند، سەرەڕای کەشی ئەمنی و هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامە سەرەکییەکان، پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە، هاوڵاتیان بە نیازی گردبوونەوەی ناڕەزایی بە گروپ لە شوێنە جیاوازەکانی جوانڕۆ کۆبوونەوە کە روبەڕووی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.

بە پێی وتەی ئەم سەرچاوانە، لە ئاکامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان چەند هاوڵاتی کوژراون و بریندار بوون. بە هۆی کەشی ئەمنی ئاماری ورد سەبارەت بە کوژراو و بریندارەکان لەبەردەستدا نییە. بەڵام ناسنامەی یەکێک لە کوژراوەکان “موبین عەبدوڵلاهی” راگەیەنراوە.

هەروەها دەگوترێت، دەیان کەس بریندار بوون و ژمارەیەکیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی کرماشان گوازراونەتەوە و ژمارەیەکی دیکەی برینداران لە ترسی دەسبەسەركران لە ناو ماڵەکاندا چارەسەری برینەکانیان بۆ دەکرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە لێدوان لەگەڵ دوو سەرچاوە لە جوانڕۆ، هەواڵی کوژرانی دوو هاوڵاتی بڵاوکردبوەوە. ناوی ئەم دوو کەسە “کاوە محەمەدی” و “حەمزە نەقدی” راگەیەنراوە.