تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

ئازادی کۆبوونه‌وه‌ کرماشان

زاڵبوونی کەشی ئەمنی بەسەر شاردا و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ساڵڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی گەڵاڕێزاندا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/freedom-ku/freedom-of-gatherings/2020/11/15/p22996

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە شەوی ڕابردووەوە و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی گەڵاڕێزاندا، زۆربەی شەقامەکانی شاری کرماشان بە هێزی پۆلیس و ئەمن تەنراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشانەوە بە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگەیاند کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگای لە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە مەیدانی ئازادی (گاراژ)ی ئەم شارە بووە.
ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە کەشێکی توندوتۆڵی ئەمنی بەسەر زۆربەی گەڕەک و شەقامەکانی کرماشاندا زاڵە و وتی: «هێزە ئەمنییەکان بەر بە هەرچەشنە کۆبوونەوەیەکی چەندکەسیی لاوان لە شەقامە سەرەکییەکانی شاردا دەگرن، بە تایبەت ئەو گەڕەکانەی ساڵی ڕابردوو ببوونە گۆڕەانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵک، تەنانەت ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ ئاگام لێ بوو چەند لاوێک لە لایەن هێزەکانی دژەشۆڕشەوە لە مەیدانی ئازادی (پاساژی کوەیتییەکان) دەستبەسەر کران».
هەروەها ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند ڤیدیۆیەک لە شەقامەکانی شاری کرماشان بڵاو کرایەوە کە ئامادەبوونی بەربڵاو و بەرچاوی هێزەکانی دژەشۆڕشی لە نێو شاردا نیشان دەدا.
کرماشان لە ئێوارەی ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٩دا لەو یەکەم شارانە بوو کە تێیدا گڕی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئاست بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی بەنزیندا کڵپەی سەند.  لە ڕۆژانی دواتریشدا زۆربەی گەڕەکەکانی ئەم شارە ببوونە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییە بەربڵاوە جەماوەرییەکان؛ ئەو ناڕەزایەتییانەی ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی توندوتیژی هێزی پۆلیس و ئەمنیی سەر بە دەسەڵات بوونەوە و بە دەیان هاووڵاتیی ئەم شارە لەو ڕووداوەدا بوونە قوربانی و گیانیان لەدەست دا.