تازەکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی چوار چالاکی پیشەیی مامۆستایان لە سنە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/freedom-ku/freedom-of-gatherings/2022/08/25/p12625
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بڕیاری دەستبەسەربوونی چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی کە لە ڕێکەوتی٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی تر تازە کراوەتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵەی ئەم ٤ چالاکە پیشەییە بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆخی ناوبراوان سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەیان کردووە و پێیان ڕاگەیەنراوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی تا ١٥ی خەرمانان (٦ی سێپتامبر) تازە کراوەتەوە.
تازەکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم مامۆستایانە لە حاڵێکدایە کە پێشتر دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بۆ ئازادکردنیان بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی دیاری کردبوو و بنەماڵەکانیش بڕی بارمتەکەیان دابین کردبوو. بەڵام دادگا سەرەڕای دانانی بارمتەکان، بە بیانووی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، تا ئێستا ئامادە نەبووە نامەی ئازادکردنیان واژۆ بکات.
ئەم ٤ چالاکە پیشەییەی مامۆستایان هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان و تا ئێستایش مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدراوە.
شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم ٤ چالاکە پیشەییە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر زەخت و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندان.
ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە ڕێکەوتی٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لەبەر چالاکییە پیشەییەکانیان و هەروەها بەشداریکردن لە مانگرتنی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران. ئەوان دوای دەستبەسەربوون ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لەم ماوەیەدا تەنها توانیویانە چەند جارێک بە کورتی پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بگرن.
بابەتی پەیوەندیدار
-
کۆبوونەوەی دادگای ١٥ چالاکی پیشەیی مامۆستایان بەڕێوە چوو
-
چوار چالاکی پیشەیی مامۆستایان سەرەڕای دانانی بارمتە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرن
-
تازەکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی چوار چالاکی پیشەیی مامۆستایان لە سنە
-
هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای تەلەفۆن و هەروەها چوونەسەر شوێنی کاری ژینا مودەڕیس گورجی، چالاکی ژنان، هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێ کرد
-
دەستبەسەرکردنی دەیان هاووڵاتیی ناڕازی لە شارەکانی سەقز و سنە / هێزە چەکدارەکان لە شارەکانی پارێزگای کوردستان چوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
-
بەردەوامبوونی گوشارەکان لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا؛ چواردە چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بانگهێشتی دادگا کران