لەم ساڵانەی دواییدا بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شار و گوندەکانی کوردستان و لە شێوەی جێژنی گەورەی جەماوەریدا، بە بەرزکردنەوەی هێما کوردییەکان، هەڵکردنی ئاگر، هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ، سروودی شۆڕشگێڕانە و لە هەندێ حاڵەتدا هەڵگرتن و وتنەوەی دروشمی سیاسی، وەک نەریتێکی لێ هاتووە، نەریتێک کە جیا لە لایەنی کولتووری و ڕێکەوتی ساڵانەی نەورزۆ، لە خوێندنەوەیەکی میتۆلۆژیکەوە سەرچاوەی گرتووە کە نەورۆز وەکوو هێمای خەبات و سەرکەوتن لە ناو نەتەوەی کورددا لێک دەداتەوە.

لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستاندا بەڕێوەبردنی جێژنەکانی نەورۆزی ١٤٠٣ (٢٠٢٤) هەروەک ساڵانی پێشوو پەرچەکرداری دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتەوە، ڕێگریکردن یان سنووردانان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان و هەروەها بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەران و تەنانەت بەشداربوان لە ڕیزی ئەو پەرچەکردارانەدا بوون. ئەم ڕێوڕەسمانە کە لە نزیک مانگێک پێش دەسپێکردنی ساڵی نوێوە دەستی پێ کرد و تا یەکەم حەفتەکانی دوای ساڵی تازە بەردەوام بوو، سەرەڕای هەموو هەوڵ و هەڕەشە ئەمنییەکانی دامودەزگاکانی حکومەت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونیان، لە لایەن گرووپی خۆڕێکخراوی خەڵکەوە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕێک خران و بەڕێوە چوون.

هاوکاتبوونی مانگی ڕەمەزان لەگەڵ نەورۆزی ئەمساڵدا بوو بە بیانوویەک تاکوو تەنانەت نوێنەرانی ڕێبەری ئێران (وەلیی فقیهـ)یش دەستبەکار بن و لە ڕێگای وتارەکانی نوێژی هەینی و هەروەها بڵاوکردنەوەی بەیاننامەوە داوای ڕێگریکردن لەم ڕێوڕەسمانە و سەرکوتکردنی بەڕێوەبەرانیان بکەن.

لەوانە، عابدین ڕوستەمی، ئیمام جومعەی قوروە و مەلا قادر قادری، ئیمام جومعەی پاوە بوون کە لە وتارەکانی نوێژی هەینیی حکومەتیی ئەم شارانەدا بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیان تۆمەتبار کرد بە «برەودان بە ڕێوڕەسمی دژ بە فەرهەنگ و ئەخلاق» و داوای سەرکوتکردنی توندی ئەم کەسانەیان کرد.

ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند کە لە زۆربەی شارەکاندا دامودەزگا ئەمنییەکان لە قۆناغی یەکەمدا لە ڕێگەی هەڕەشەی تەلەفۆنی و بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەرانەوە هەوڵیان دا ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بکەن، بەڵام لە زۆربەی شار و گوندەکاندا بە هۆی پێداگریی بەڕێوەبەران و بە پاڵپشتیی بەشداربوونی بەربڵاوی خەڵکەوە، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە شێوەیەکی بەشکۆ و گەورە بەڕێوە چوون.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، دوابەدوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، شێوەکانی خۆڕێکخستن و بەڕێکخستنکردن لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا شێوازێکی تۆکمەتری وەرگرتووە و جێژنە بەربڵاوەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، بەتایبەت لە ناوچە جیاوازەکانی ئیلام و کرماشاندا کە بەراورد بە ساڵانی پێشوو خەڵک پێشوازییەکی زۆر بەرچاوتریان لێ کرد، لە دەرئەنجامەکانی ئەم بابەتەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دامودەزگا ئەمنییەکان دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شار و گوندەکانی کرماشان و ئیلامدا، بە شێوەیەکی بەربڵاو هاووڵاتیان و چالاکانی کوردیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردوون کە ئیدی مۆڵەت نادەن لە ساڵانی داهاتوودا وەک ئەمساڵ ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە بچێت.

نەورۆزی شاری گیەڵانی کرماشان لەو ڕێوڕەسمانە بوو کە دامودەزگا ئەمنییەکان پێش بەڕێوەچوونی لە ٢ی خاکەلێوەدا (٢١ی مارس) هەوڵیان دا ڕێگریی لێ بکەن. قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارە لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هیچ مۆڵەتێک بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ناوچەی «ناودار» دەرنەکراوە و ئەم ڕێوڕەسمە بەتەواوی نایاساییە و بەرپرسایەتیی هەر ڕووداو و لێکەوتەیەک لە ئەستۆی بەڕێوەبەرانیدایە.

هێزە ئەمنییەکان سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) چوونە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و هەموو پلاکارد و لافیتە و کەرەستەکانی تریان کۆ کردەوە و پاشان ڕێگاکانی ناوچەی «ناودار» لە چوار کیلۆمەتریی شاری گیەڵانیان داخست تاکوو خەڵک نەتوانن بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا بکەن.

سەرەڕای هەموو ئەم ڕێگری و گوشارانەیش، بە هەزاران هاووڵاتیی گیەڵان و شارەکانی دەوروبەری خۆیان گەیاندە شوێنی ڕێوڕەسمەکە. بەڵام گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان دوای ڕێوڕەسمەکە و تا ئێستەیش درێژەی هەیە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و بەشداربوان لە ڕۆژانی دواتردا بانگهێشت یان دەستبەسەر کراون.

گوشار و سەرکوتکاریی هێزە دەوڵەتییەکان تەنها لە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردندا کورت نەکرایەوە و لە هەندێ حاڵەتدا شوێنە گەشتیارییە تایبەتەکانی کوردستانیش داخران و تەنانەت لە شوێنە گشتییەکاندا تەقە لە خەڵکیش کرا. لەوانە نشینگەی گەشتیاریی گوندی «مەیهومی سەروو»ی سەر بە شاری قوروە کە بە دەستووری دادوەر پۆلۆمپ کرا و بۆ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی پێشوازی لە نەورۆز لە گوندەکانی شاری قوروەدا دۆسیەی یاسایی کرایەوە.

هەروەها ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) هێزە سەربازی-ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر گرووپێک لاو کە لە پارکی ڕۆژهەڵاتی تاقەوسانی کرماشان لە گەڕەکی زەفەردا گۆرانیان دانابوو و شادی و هەڵپەڕکێیان دەکرد. لە ئەنجامی ئەم هێرش و دەسڕێژەدا دوو لاوی کورد بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدیان و ئارمان بەسیری لە لای قاچەوە پێکران و بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی نوێوە تا ئێستا لانیکەم ٣٨ هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی و هونەرمەندی کورد بە هۆی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا دەستبەسەر کراون و ڕەوتی بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بۆ چالاکانی مەدەنی، هونەرمەندان و تەنانەت هاووڵاتیانی ئاسایی تا ئێستایش درێژەی هەیە.

ـ حەسەن کاکایی، هونەرمەندی کورد، لەبەر وتنی گۆرانیی شۆڕشگێڕانەی لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی سەقز و بۆکاندا، ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە (٢٣ی مارس) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر و دوای ڕۆژێک لێپرسینەوەی پڕ لە توندوتیژی و لێدان، ئازاد کرا.
ـ هەورام مێهرنەوایی، خەڵکی بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوە (٢ی ئاوریل) دەستبەسەر کرا.

ـ کامران بادبرووت و فەرەج ئەرسەن، خەڵکی شاری مەلەکشایی ئیلام، ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوە (٣ی ئاوریل) دوای هێرشکردنی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و لەبەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی هەزاران کەسیی نەورۆزی ئەم شارەدا دەستبەسەر کران.

ـ ڕەسوول گەللەبان، ڕۆژنامەوان و بەرپرسی ماڵپەڕی «ارومیە ٢٤»، ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) بە هۆی تۆمارکردنی سکاڵایەک لە لایەن داواکاری گشتیی ورمێوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، دوای بانگهێشتکران بۆ پۆلیسی فەتای ئەم شارە دەستبەسەر و دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرا.

ـ موحسین ئەحمەدی، مامۆستا و لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی شارۆچکەی کارزانی شاری سیروانی ئیلام، ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ـ سەلمان ئولفەتی، مامۆستای خانەنشین و چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵان، ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوە (١٢ی ئاوریل) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ـ موحسین قادرڕەش و ئومید قادرنژاد، خەڵکی گوندی «حاجی حەسەنی شامات»ی سەر بە شاری میاندواو، ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کران.

ـ حیسامەدین مەحموودی، مەولوود ڕووستا و حەسەن ڕەسوولی، خەڵکی شنۆ، ڕۆژی ١٢ی گوڵان (١ی مەی) دەستبەسەر کران. هاوکات لە گوندی «کۆنەقەڵا»ی شنۆ هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد و ئەم چالاکە کوردەیان بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرد.

ـ هادی لاوە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، غەفوور شێخ محەممەدی، ئاکۆ ئیبراهیمی، محەممەد سوڵتانپوور و جەعفەر ڕەسوولی ڕۆژی ١١ی گوڵان (٣٠ی ئاوریل) لە ماڵەکانی خۆیاندا لە شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ـ سەلاح قازی لە گوندی «گوندەوێڵە»ی شنۆ و ئارمان ئیبراهیمی، ئومید ڕەشیدپاک، ڕەحیم ڕەفعەتی و فەخرەدین مودەڕیسی لە شوێنەکانی تری ئەم شارەدا ڕۆژی ١٣ی گوڵان (٢ی مەی) دەستبەسەر کران.

ـ بەردین (حەمزە) جەعفەری، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری گیەڵانی کرماشان، ڕۆژی ١٤ی گوڵان (٣ی مەی) دوای هێرشکردنی هێزە چەکدارەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری کرماشان. ئەم هونەرمەندە دوای ٥ ڕۆژ ئازاد کرا.

ـ زانکۆ ئێرانزاده و عومەر شەریفپوور، خەڵکی گوندی «قەڵاڕەش»ی سەردەشت ڕۆژی ١٨ی خاکەلێوە (٧ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

ـ ئەیوب ڕەسوولزادە، چالاکی ژینگەپارێز و حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی و برای زیندانیی سیاسیی کورد باپیر بەرزە، ڕۆژی ١٩ گوڵان (٨ی ئاوریل) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران.

ـ ڕەحمان خەسرەوی، عوسمان عەباسی، شەهرام سوڵتانی و هێمن عەلیزادە، خەڵکی گوندی «حاجیئاوا»ی سایین‌قەڵا، ڕۆژی ٢٠ی گوڵان (٩ی ئاوریل) دوای هێرشکردنی توندوتیژیئامێزی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کران.

ـ ئیدریس حاجی‌ڕەسوولپوور، برای محەممەد حاجی‌ڕەسوولپوور لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی لە بۆکان و ئیبراهیم حەمزە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان ڕۆژی ٢٠ی گوڵان (٩ی ئاوریل) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کران.

ـ سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مورادی، خەڵکی گوندی «قوزلووی هەوشار»ی سەر بە شاری سایین‌قەڵا، ڕۆژی ٢٢ی گوڵان (١٢ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کران.

ـ لوقمان حاجی‌خۆش، خەڵکی گوندی «کۆنەقەڵا»ی شنۆ، ڕۆژی ٢٢ی گوڵان (١٢ی مەی) دوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا.