دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازێک لە لایەن حیزبە سیاسییەکانی کوردستانەوە بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی جەماوەری دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە کوردەکانی تر لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (٢٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٥)، کاسبکاران و دووکاندارانی چەندین شاری کوردستان، لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز و دیواندەرە، مانیان گرت و دووکانەکانیان داخست. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان بەشێک لە بازاڕ و دووکانی چەند شارێکی دیکەی کوردستانیش بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کردووە.

هاوکات ٣٥ ژنی زیندانیی سیاسییش لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران وەک هاوپشتی لەگەڵ ئەم مانگرتنەدا ئەمڕۆ مانیان لە خواردن گرتووە.

بەڕێوەچوونی ئەم مانگرتنانە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

هەروەها لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دامودەزگا ئەمنییەکان بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک شەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانیان لە هەندێ شاری وەک پیرانشار و سەردەشتدا جێبەجێ کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا مانگرتنی جەماوەریی بەربڵاو لە هەندێ شاری وەک سنە، مەهاباد، سەقز و دیواندەرەدا بەڕێوە دەچێت و دامودەزگا ئەمنییەکان، لەوانە ئیدارەی ئەماکن، لە شارەکانی سەقز و دیواندەرەدا دەستیان داوەتە نیشانەکردن و پۆلۆمپکردنی دەیان دووکانی هاووڵاتیان.

هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان لە ڕێگای تەلەفۆن یان ناردنی پەیامەوە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکاران و دووکانداران، هەڕەشەیان لێ کردوون ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکە بدەن شوێنی کارەکانیان دادەخەن.

لە درێژەی شەپۆلی گوشارەکاندا و بە مەبەستی سەرشێواندن لە ڕای گشتیی کوردستان و ڕێگریکردن لە بەشدارییان لەم مانگرتنەدا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چەندین هەواڵنێریی دەوڵەتیی ئێران هەواڵی «دواخستنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی»یان بڵاو کردەوە، بەڵام دواتر بە شێوازێکی دیکە بە درۆیان خستەوە.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی مانگرتنە جەماوەرییەکەدا، دوای چەند کاتژمێرێک مازیار تاتایی، لە پارێزەرانی پەخشان عەزیزی، لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند کە دیوانی باڵای ئێران بەپێی تێبینیی ژێر مادەی ٤٧٨ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری ڕەزامەندیی داوە بە ڕاگرتنی ڕەوتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە.

بەپێی ئەم مادە یاساییە، تا کاتی لێکۆڵینەوە بۆ داوای دادگاییکردنەوەی دووبارە ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکە ڕادەگیرێت، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ گۆڕانکارییەک لە خودی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزیدا ڕووی نەداوە.