هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەکانی بۆکان و شنۆدا خاڵی پشکنینیان داناوە و دەستیان داوەتە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان و لێپرسینەوەیان لە سەرنیشینەکان کردووە. هاوکات لە کرماشانیشدا هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان زەختیان خستووەتە سەر بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هەوڵیان داوە بە جێگیرکردنی هێزە ڕێگری لە بەشداریکردنی خەڵک لەو ڕێوڕەسمەدا بکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەمڕۆ هەینی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٤ی مارسی ٢٠٢٥) هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی تەیارکراو بە چەکی دۆشکەوە لەسەر ڕێگای گوندەکانی «کانی سوورەک» و «سینگان»ی سەر بە شاری شنۆ خاڵی پشکنینیان دانا و لەگەڵ پشکنینی ئۆتۆمبێلەکاندا لێپرسینەوە لە سەرنشینەکانیش دەکەن. ئەم هێزانە هەروەها بە هەندێ شەقامی شاری شنۆدا سووڕانەوە و هەوڵیان دا بە زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن ڕێگری لە گردبوونەوەی هاووڵاتیان بکەن.

هاوکات هێزەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگای گوندی «نۆبار»ی بۆکان جێگیر کران و ڕێگرییان لە ڕۆیشتنی هاووڵاتیان بۆ سەر شاخی «تەرەغە» کردووە کە وا بڕیار بوو ڕێوڕەسمی نەورۆزی تێدا بەڕێوە بچێت. لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و چالاکانی ئەم دوو شارە بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراون و لەسەر بەڕێوەبردنی هەرجۆرە ڕێوڕەسمێکی نادەوڵەتی و سەربەخۆی نەورۆز هەڕەشەیان لێ کراوە.

لە هەمان کاتدا دامودەزگا ئەمنی و ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشاندا لە ڕێگای گوشار و هەڕەشەکردنەوە لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گەڕەکی «دەرەدرێژ»ی ئەم شارەدا، هەوڵیان داوە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە بکەن. بە هەموو ئەمانەیشەوە و بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان و جێگیرکردنی بەربڵاوی هێز، ڕێوڕەسمی نەورۆز لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەم شوێنەدا بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەقزیشەوە بە دەستمان گەیشتووە، ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە چەندین شوێنی ئەم شارەدا بەڕێوە چووە.

پێشتر سەیدسادق حسەینی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئیلام، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئەمرکردن بە چاکەی ئەم پارێزگایەدا وێڕای هۆشداریدان بە هاووڵاتیان لەمەڕ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ڕایگەیاندبوو کە «لە پرسی جێژنی نەورۆزدا هیچ دەزگایەک بۆی نییە مۆڵەت دەر بکات و دەبێ هەموان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێوڕەسمانەدا کە لەگەڵ کولتووری ئێمەدا تەبا نایەنەوە، یەکدەنگ و هەماهەنگ بن.» هەروەها جەختی کردبووەوە: «خەڵکانی جێمتمانە و موئمین دەبێ هەوڵ بدەن ڕێزی مانگی ڕەمەزان بپارێزرێت و ئەوەی لەگەڵ پرەنسیب، یاسا و بەهاکانی ئێمەدا ناگونجێت، ئەنجام نەدرێت. ناسینەوەی لیدەرەکان و کەسانێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاخود لە ناو کۆمەڵگادا چالاکی دەکەن، بە شێوەی جیدی لە بەرنامەماندایە».

سەرەڕای هەموو ئەم زەخت و گوشارانە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٣ی مارسی ٢٠٢٥) ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری مەلەکشایی ئیلام بە ئامادەبوونی بەربڵاوی هاووڵاتیان بەڕێوە چوو.

تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ