ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ سێیەم ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، کاسبکارانی شارەکانی سەقز و دیواندەرە دووکان و بازاڕەکانیان داخست و مانیان گرت. لە ڕۆژی پێشترەوە سەدان هێزی ئەمنی لە شەقامەکانی سەقز و دەوروبەری گۆڕستانی ئایچیدا کە مەزاری ژینا لەوێیە، جێگیر کرابوون و دەوترێت کەشێکی ئەمنیی توند بەسەر شارەکەدا زاڵ کرابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازێک بۆ مانگرتنی گشتی لە سێیەم ساڵیادی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، کاسبکارانی شارەکانی سەقز و دیواندەرە سەرباری هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکان، دووکانەکانیان داخست. هێزەکانی ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (اماکن)ی ئەم دوو شارە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لە دووکانداران کردووە کە ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکە بدەن شوێنی کارەکەیان دادەخرێت و پۆلۆمپ دەکرێت. سەرباری هەموو ئەمانەیش، بازاڕی هەردوو شارەکە ئەمڕۆ بەتەواوی داخرابوون و کاسبکاران مانیان گرتبوو.

هەروەها بە گوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆییانەی بڵاو کراونەتەوە، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە دەوروبەری گۆڕستانی ئایچی جێگیر کراون و ڕێگرییان کردووە لە هەرجۆرە هاتوچۆکردنێکی خەڵک بۆ سەر مەزاری ژینا ئەمینی.