هێزە ئەمنییەکان دوای داخستنی جادەی سنە بۆ دێولان، مامۆستا بەرزان مەلێکی، بەرنوێژ و وانەبێژی مزگەوتی جامیعی «شێخەین»ی سنە و ژمارەیەک فەقێی ئەم مزگەوتەیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کرد و ڕێگەیان نەدا درێژە بە سەفەرەکەیان بۆ زاهیدان بدەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مزگەوتی مەکیی زاهیدان ڕایگەیاندبوو کە کۆبوونەوەی «خەتمی بوخاریی شەریف» و ڕێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی ئایینیی «دارالعلوم» بەڕێوە دەبات. ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) مامۆستا بەرزان مەلێکی لەگەڵ ژمارەیەک فەقێ و نوێژکەری مزگەوتی شێخەینی سنە کە دەیانویست بۆ بەشداریکردن لەو ڕێوڕەسمەدا لە ڕێگای تارانەوە سەفەری زاهیدان بکەن، لە جادەی سنە بۆ دێولاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەکان دوای داخستنی جادەکە و دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتیانە، مۆبایلەکانیان پشکنی و گەڕاندنیانەوە بۆ سنە و مۆڵەتیان نەدا درێژە بە سەفەرەکەیان بۆ زاهیدان بدەن.

وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر ئەم ڕووداوەدا، بەشی پێوەندییە گشتییەکانی مزگەوتی جامیعی شێخەینی سنە لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کارە ڕایگەیاند:

«لە کاتێکدا کە زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستانە و ئەم پارێزگایە وەک هەموو پارێزگاکانی تر لە ناو جوگرافیای وڵاتی ئێراندایە و بەپێی یاساکانی ئێران بۆ سەردانکردنی ئەو پارێزگایە پێویست بە هیچ مۆڵەت، ڤیزا و پاسپۆرتێک نییە، ڕێگریکردنی هێزە ئەمنییەکان لەم سەفەرە بە هیچ شێوەیەک هەڵگری بچووکترین هۆکارێکی شەرعی و عورفی نەبووە و نییە. جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە کە بەپێی یاسا، زانیارییەکانی مۆبایل وەک بەستێنی کەسی و تایبەتی تاکەکان لە قەڵەم دەدرێت و دەستبەسەرداگرتن و لێکۆڵینەوە و بینینی زانیارییەکانی بەبێ مۆڵەتی خاوەنەکەی بەتەواوی کارێکی دژەئایینی و نائەخلاقی و نایاساییە و بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای دەستدرێژیکردنە بۆ سەر بەستێنی کەسیی تاکەکان».