به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەممە (١٧ی مارس) دوابه‌دوای تێكهه‌ڵچوونێك له ‌گەڕەکی ده‌وڵه‌تئاوای كرماشان، له ‌ئاكامی ته‌قه‌كردنی هێزه‌كانی پۆلیسدا هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی سیروان محه‌ممه‌دی كوژرا و كه‌سێكی تریش به‌ناوی عه‌لی ئه‌حمه‌دی به‌هۆی به‌ركه‌وتنی گولله‌وە به‌سه‌ختی بریندار بوو و گواسترایەوە بۆ نه‌خۆشخانه‌و ئێستا له‌به‌شی ئای سی یوودا له‌ژێر چاودێریدایه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ‌شاری كرماشان وێرای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه ‌به ‌تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە دوابه‌دوای ئەوەی پیاوێكی دووكاندار سووکایەتیی به‌ موشتەرییه‌كی ژن دانیشتووی گەڕەکی دەره ‌درێژ(مێهدیه‌)کردووە، له‌ گەڕەکی ده‌وڵه‌تئاوادا بنەماڵەی ئەو دوو کەسە بە دار و بەرد لەیەکیان داوە». 

هه‌روەها هێزه‌كانی یه‌كه‌ی تایبه‌ت دوای ئاماده‌بوونیان له ‌گەڕەکی دەره‌ درێژ (مێهدیه‌)، ته‌قه‌یان له‌گرووپێكی خه‌ڵك كردووە کە بە ڕێی ده‌وڵه‌تئاواوە بوون و لە ئەنجامدا لاوێكی ٢٥ ساڵان بە ناوی سیروان محه‌ممه‌دی به‌هۆی به‌ركه‌وتنی گولله‌وە گیانی له‌ده‌ست داوه‌و پیاوێكی ته‌مه‌ن ٧٠ ساڵانیش به‌ ناوی عه‌لی ئه‌حمه‌دی به ‌هۆی به‌ركه‌وتنی گووله‌وه‌‌ به‌ سه‌ختی بریندار بووه و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌.

سه‌رهه‌نگ عه‌لیڕه‌زا دلێری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی‌ كرماشان، هه‌واڵی كوژرانی كه‌سێكی پشتڕاست كرده‌وه‌ و به ‌ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی پۆلیسیی وتووه‌: «دوای تێكهه‌ڵچوونێكی به‌ربڵاو و به‌كۆمه‌ڵ له‌ گەڕەکی ده‌وڵه‌تئاوا به‌رپرسانی ئه‌م كه‌ڵانته‌رییه ‌به‌ زووترین كات خۆیان گه‌یانده‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌».

 ناوبراو له‌درێژه‌دا وتی: «به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانێكی زۆری به‌رپرسان ئه‌م تێكهه‌ڵچوونه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ی نێوان خەڵکی تەیار بە‌ چه‌كی گه‌رم و سارد، كۆتایی پێ هێنرا».

ئه‌م بەرپرسە باڵایەی پۆلیس هه‌روه‌ها باسی له ‌ده‌ستبه‌سه‌ركردنی حه‌وت هاووڵاتی کردووە.