تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕێکەوتی ١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی یاسر محەممەدی بە تەقەی هێزەکانی گاردی تایبەت لە شاری کرماشان کوژراوە. هێزەکانی گاردی تایبەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە هۆکاری تەقەکردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ گوماناویبوونی شۆفیرەکە و پشتگوێخستنی دەستووری وەستان، بەڵام بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە ئەو ئیدیعایە ڕەت دەکەنەوە.
کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە کوردە سەبارەت بە شێوەی کوژرانی ئەو بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کاتژمێر ٢٠ی ڕۆژی ١ی گەڵاڕێزان، یاسر محەممەدی بە ئۆتۆمبیلی پژۆ پارسەوە لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە لە شەقامی کەسرا بەرەو مەیدانی ئازادەگان ڕۆیشتووە کە ئۆتۆمبیلی هێزەکانی گاردی تایبەت دوای دەکەون. یاسر لەبەر ئەوەی لە کاتی لێخوڕیندا «هەندزفری»ی لە گوێدا بووە ئاگای لە دەستووری وەستانی پۆلیس نەبووە و یەک لە هێزەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت یان تەقاندنی گوللەی هەوایی، لە نزیک تێرمیناڵی ڕێگای کەربەلا (لە باشووری ڕۆژئاوای شاری کرماشان) گوللەیەک بەرەو ئۆتۆمبیلەکەی دەتەقێنن کە یاسر هەر بەو گوللەیە دەکوژرێت».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی گاردی تایبەت ئیدیعایان کردووە کە پێش ئەوەی تەقە لە یاسر بکەن سێ گوللەی هەواییان تەقاندووە بەڵام شایەتحاڵان و خەڵکی شوێنەکە ئەم ئیدیعایانە بە درۆ دەخەنەوە و دەڵێن تەنها یەک گوللە تەقێنراوە: «تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی گوللەی هەوایی لە لایەن ئەم هێزانەوە نەخراوەتە بەردەست، چۆن دەکرێ ئەو گوللەی کە دەڵێن بۆ ئاگادارکردنەوە بەرەو ئۆتۆمبیلەکە تەقاندوویانە، ڕێک لە پشتەسەرەوە بەر دڵی ئەم لاوە بکەوێت؟!».