کوژرانی منداڵێک بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان / دەستبەسەرکردنی باوکی دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/killing-of-civilians/2022/01/25/p11638
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ منداڵێکی ٧ ساڵان بە ناوی مزگین پڵەنگی بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ماکۆ لە شاری چاراویماقی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کوژرا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ئەم هەواڵە لە ڕاگەیاندنە گشتی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بنەماڵەی ئەم منداڵە کوژراوە بە مەبەستی بەرگرتن بە بڵاونەکردنەوەی هەواڵەکە کەوتنە ژێر گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە. هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندان کەمال پڵەنگیی باوکی منداڵەکە لە ناو ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییەکەیدا لە گوندی «مەلاحەسەن»ی ماکۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
پێشتر ڕاگەیاندنەکان وتبوویان کە ئەم منداڵە لە پارێزگای زەنجان کوژراوە کە دوابەدوای ئەم هەواڵە فەرماندەی ئینتیزامیی پارێزگای زەنجان لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا ڕایگەیاندبوو کە لە یەک مانگی ڕابردوودا هیچ جۆرە تەقەکردنێک لەو پارێزگایەدا ڕووی نەداوە. بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی هێزی ئینتیزامیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ئاست ئەم هەواڵەدا بێدەنگ بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە کوژرانی ئەم منداڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کاتژمێر ١٤ی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار ئۆتۆمبیلێک لە جۆری پژۆی ٤٠٥ی هاووڵاتییەکی کورد کە بۆ دیداری خزمێکی بەرەو تاران دەچوو، لە جادەی تەبرێز بۆ زەنجان لە نزیک شاری هەشتڕوودی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە لایەن ئۆتۆمبیلی هێزە ئینتیزامییەکانەوە لەبەر ئەوەی بەڵگەنامەکانی ئۆتۆمبیلەکەی پێ نەبووە ڕاوەدوو نراوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئۆتۆمبیلی هێزە ئینتیزامییەکان سەرەڕای ئاگاداربوون لە کەسانی نێو ئۆتۆمبیلەکە، لە جادەی هەشتڕوود بۆ قەرەئاغاج ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کردووە و دوای ئەوەی لانیکەم ١٥ گوللە بەر ئۆتۆمبیلەکە کەوتووە یەک لە کەسەکانی ناو ئۆتۆمبیلەکەیش بە ناوی مزگین پڵەنگی ٧ ساڵان گوللە بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ کوژراوە و قاچی خوشکەکەی تریشی بە ناوی فەلەک پڵەنگی بریندار بووە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «دوای کوژرانی ئەم منداڵە، هێزە ئینتیزامییەکان تەرمەکەیان بردۆتە نەخۆشخانەیەکی شارۆچکەی قەرەئاغاجی شاری چاراویماقی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دوای دوو ڕۆژ ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری تەبرێز کراوە. دواجار ڕۆژی دووشەمە ٢ی ڕێبەندان تەرمی ئەم منداڵە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە گوندەکەی خۆیان، گوندی مەلاحەسەنی ماکۆ، ئەسپەردە کرا».
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا باسی گوشارەکانی سەر بنەماڵەی ئەم منداڵە کوژراوە و دەستبەسەرکردنی باوکی کرد: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵەی ئەم منداڵە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە و بە مەبەستی بەرگرتن بە بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوژرانی مزگین خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندان کەمال پڵەنگیی باوکی منداڵەکە لە ناو ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییەکەیدا لەو گوندە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا».
بابەتی پەیوەندیدار
-
كوژرانی گهنجێك به تهقهی هێزەکانی پۆلیس له كرماشان
-
لە کرماشان ژنێک بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا
-
مەرگی گوماناویی چالاکێکی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی ئێران لە هەرێمی کوردستان
-
کوژرانی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە بانە
-
ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزەکانی یەکەی یارمەتیی کرماشان
-
کوژرانی دوو هاووڵاتی بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە داڵاهۆ