نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمە (١٣ی مارس) لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتیزامییەکاندا لە نزیک گوندێکی سەر بە شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان، دوو هاووڵاتیی کوردی یارسان بە ناوەکانی سوورەت سەییادی و منداڵەکەی پووریا ڕەزایی کوژراون. تەرمی ئەم دوو هاووڵاتییە ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری سەرپێڵ زەهاو کراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە لە ناوچەی کوێستانیی «ملە سەرانە» لە نزیک مەزارگەی باوە یادگاری گوندی «زەردە»ی شاری داڵاهۆ، هێزە ئینتیزامییەکان بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ بۆسەیان ناوەتەوە و دەسڕێژیان لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک کردووە کە لە نزیک ئەو شوێنەدا وەستابوون و دابەزیبوون کە لە ئەنجامدا سوورەت سەییادی لەگەڵ منداڵەکەیدا پووریا ڕەزایی، ٢٤ ساڵان، کوژراون».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەبەر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوان، تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەسەر کوژرانی ئەم دوو هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە. هەروەها بەرپرسە ئینتیزامییەکان ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان بەستۆتەوە بە ڕێکخستنەوەی دیمەنی تەقەکردنەکە لە لایەن شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەوە.

ئەم دایک و منداڵە خەڵکی گوندی «کامران ڕەحمان»ی شاری داڵاهۆ بوون.