بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری کرماشان، ژنێکی ٥٥ ساڵان بە ناوی مینوو مەجیدی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامی نەوبەهاری ئەم شارەدا کوژراوە.

تەرمی ئەم ژنە ڕەوانەی پزیشکیی داد کراوە بەڵام هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

داواکاری گشتیی کرماشان لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا کوژرانی ٢ کەس و برینداربوونی ٢٥ کەسی تری لە خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا پشتڕاست کردۆتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینیدا، تا ئێستا ٧ خۆپیشاندەر بە ناوەکانی موحسین محەممەدی، فەرەیدوون مەحموودی، ڕەزا لوتفی، فەرجاد دەروێشی، زەکەریا خەیاڵ، فواد قەدیمی و مینوو مەجیدی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.