لە ڕەوەتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا، لانیکەم منداڵێک بە ناوی ئەمین مەعڕەفەت و سێ هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی دانش ڕەهنما، میلان حەقیقی و سەدرەدین لیتانی بە تەقەی هێزی بەسیج و ئەمنی لە گوندی باڵووی ورمێ و شاری شنۆ کوژراون.

شایەتحاڵەکان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان ڕاگەیاند: «دەستەیەک لاو لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەدا لە نزیک بنکەی بەسیجی گوندی باڵوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و هەروەها هێزە بەسیجی ناو بنکەکەوە کەوتوونەتە بەر دەسڕێژ و تەقە و سێ کەس بە قورسی بریندار بوون».

بە وتەی ئەم کەسانە، دوای گواستنەوەی ئەم سێ کەسە بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، دانش ڕەهنمای ٢٥ ساڵان، خەڵکی گوندی باڵوو، لەبەر قورسبوونی برینەکانی گیانی لەدەست داوە. دەوترێت دوو خۆپیشاندەرە بریندارەکەی تریش لە دۆخێکی ناجێگیردان.

هەروەها سەرچاوەیەکی تر لە شنۆ باس لە کوژرانی سێ خۆپیشاندەری دیکە بە ناوەکانی ئەمین مەعڕەفەت، ١٦ ساڵان، میلان حەقیقی، ٢١ ساڵان و سەدرەدین لیتانی، ٢٧ ساڵان، لەم شارەدا دەکات. لەو گرتەڤیدیۆییەی لە شۆردنی تەرمەکەی ئەمین مەعریفەت بڵاو کراوەتەوە، بە ئاشکرا دیارە کە گوللەیەک بەر سینگی کەوتووە و کوژراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینیدا، تا ئێستا ١١ خۆپیشاندەر بە ناوەکانی موحسین محەممەدی، فەرەیدوون مەحموودی، ڕەزا لوتفی، فەرجاد دەروێشی، زەکەریا خەیاڵ، فواد قەدیمی، مینوو مەجیدی، دانش ڕەهنما، میلان حەقیقی، سەدرەدین لیتانی و ئەمین مەعریفەت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.