لە درێژەی سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێراندا دژ بە کۆماری ئیسلامی، دوێنێ و ئەمڕۆ زۆربەی شارەکانی کوردستان و شارەکانی تری ئێران بوونە گۆڕەپانی مانگرتن و خۆپیشاندانی گشتی. خۆپیشاندانەکان بە هۆی پەرچەکرداری هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دیسان بەرەو توندوتیژی بران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ (سێشەممە و چوارشەممە ١٥ و ١٦ی نۆڤامبر) لە شارەکانی سنە، کامێران، سەقز و بۆکاندا، لانیکەم ٦ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی زانیار ئەڵڵامورادی، عیسا بیگلەری، فواد محەممەدی، بورهان کەرەمی، سالار موجاور و دانیال پابەندی (منداڵ) بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی حکوومەت کوژراون و بە دەیان کەسی تریش لە شارە جیاوازەکاندا بریندار بوون. دەوترێت دۆخی منداڵێکی برینداری خەڵکی کامێران ناجێگیرە.

زانیار ئەڵڵامورادی، ٢٦ ساڵان و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزاندا (١٥ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانی جەماوەریی گەڕەکی کانی کووزەڵەی سنە لە مەودایەکی نزیکەوە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و چەند کاتژمێرێک دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی ئەو شارە، بە هۆی قووڵبوونی برینەکان و خوێنلەبەرچوونی ناوەکییەوە گیانی لەدەست دا. تەرمی ئەم لاوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەژێر زەخت و گوشاری ئەمنیدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەسپەردە کرا. هێزە ئەمنییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە.

عیسا بیگلەری، ٢٩ ساڵان و خەڵکی گوندی «نەسەنار»، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزاندا (١٥ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دەوروبەری زانکۆی کوردستانی شاری سنەدا کەوتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی حکوومەت و گوللە بەر کەمەری کەوت و کوژرا.

تەرمی ئەم لاوە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحید، لەژێر هەڕەشەی ئەمنیدا لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی سنە ئەسپەردە کرا. هێزە ئەمنییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە.

فواد محەممەدی، ٣٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «ماویان» لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزاندا (١٥ی نۆڤامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کامێراندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سینا گیانی لەدەست دا.

هێزە سەربازی-ئەمنییەکان شەوی ڕابردوو نەخۆشخانەی سینای کامێرانیان گەمارۆ دا و بە گوللەی ساچمەیی دەسڕێژیان لە بنەماڵەی فواد محەممەدی کرد کە لە بەردەم نەخۆشخانەکەدا کۆ ببوونەوە. لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا باوک، برا، مام و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بریندار بوون.

تەرمی ئەم لاوە کە باوکی دوو منداڵی کەمتەمەن بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکاندا و بەبێ ڕاگەیاندنی گشتی لە گوندی ماویان ئەسپەردە کرا.

بە هەزاران هاووڵاتیی کامێرانی بەیانیی ئەمڕۆ چوونە بەردەم ماڵی فواد محەممەدی و وێڕای ڕاگەیاندنی هاوسۆزی و هاوپشتیی خۆیان بۆ ئەم بنەماڵەیە، شەقامەکانی شاریان کردە مەیدانی خۆپیشاندانی دژەحکوومەتی.

بورهان کەرەمی، ٣٢ ساڵان و خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزاندا (١٦ی نۆڤامبر) لە گردبوونەوەی خەڵک لە بەردەم ماڵی فواد محەممەدیدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی حکوومەت و کوژرا. تەرمی ئەم لاوە کە براوەتە نەخۆشخانەی سینا، تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

سالار موجاور، ٣٠ ساڵان و خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزاندا (١٦ی نۆڤامبر) لە گردبوونەوەی خەڵک لە گەڕەکی میرئاوای بۆکاندا لە مەودای نزیکەوە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

دانیال پابەندی، منداڵی خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزاندا (١٦ی نۆڤامبر) لە گردبوونەوەی خەڵک لە گەڕەکی کەریمئاوای سەقزدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کوژرا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێران لە پاش کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینییەوە، تا ئێستا لانیکەم ٦٦ هاووڵاتیی کورد بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی حکوومەت کوژراون.