نیما شەفەقدۆست، منداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی ئیسلامئاوای ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و دوو گوللە بەر قاچەکانی کەوت و بریندار بوو. بنەماڵەکەی سەرەتا بردیانە نەخۆشخانە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەخۆشخانەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درابوو و مەترسیی دەستبەسەرکردنی منداڵەکەیان لە ئارادا بوو، وازیان لە نەخۆشخانە هێنا و لە نووسینگەی تایبەتیی پزیشکێک و هەروەها لە ماڵەوە هەوڵی دەرمانکردنیان بۆ دا.

نیما شەفەقدۆست دوای ئەوەی ١٢ ڕۆژ لە ماڵەوە لەژێر دەرماندا بووە، لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەردا (٤ی ئۆکتۆبر) دۆخی تەندروستیی تێک دەچێت و هەر بۆیە بنەماڵەکەی بە ناچار دەیبەنە نەخۆشخانەی خومەینی، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی ئیلتیهابی خەست و قورسەوە گیانی لەدەست دەدات.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم منداڵە لە ڕاگەیاندنەکاندا، عەقید حەسەن شێخی، فەرماندەی پۆلیسی ئینتیزامیی ورمێ، لەسەر ئەم هەواڵە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: «گیانلەدەستدانی لاوێکی خەڵکی ورمێ هیچ پێوەندییەکی بە ئاژاوەگێڕییەکانی سەر شەقامەکانەوە نییە و ناوبراو بە هۆی هێرشی سەگەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و لە ماڵی خۆیاندا گیانی لەدەست داوە».

هاوکات بنەماڵەی نیما شەفەقدۆست لەژێر هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکاندا ناچار بوون لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا ئەو بانگەشەیە پشتڕاست بکەنەوە. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کەوتوونەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئاسەواری بەرکەوتنی دوو فیشەک لەسەر قاچەکانی ئەم منداڵە بە ڕوونی دیارە. هەروەها پزیشکیی دادی ورمێیش لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم منداڵەی بە «نادیار» تۆمار کردووە.

دوای تێپەڕینی سێ مانگ بەسەر کوژرانی نیما شەفەقدۆستدا، دایکی لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا کۆتایی بە بێدەنگیی خۆی هێنا و پشتڕاستی کردەوە کە کوڕەکەی لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی حکوومەتدا کوژراوە.

پەروین حەسەن‌ئابادی چۆنێتیی برینداربوونی کوڕەکەی بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: «لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) نیما بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکەی چووبوو بۆ شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی ئیسلامئاوا کە لە ناو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە پشتەوە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت پێکرا و بریندار بوو. خەڵکی ئەو گەڕەکە سەرەتا بردبوویانە ماڵێک و لەوێ برینی قاچەکانیان بەستبوو و پاشان بردبوویانە ماڵی مامی. مامی نیمایش هێنایەوە بۆ ماڵی خۆمان. لەبەر ئەوەی کە برینەکانی قووڵ بوو بردمان بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هێزێکی زۆر لە بەردەم دەرگای نەخۆشخانەکەدا جێگیر کرابوون و هەر بۆیە لە ترسی ئەوەی دەستبەسەری نەکەن، گەڕاندمانەوە بۆ ماڵی خۆمان».

بە وتەی دایکی نیما شەفەقدۆست، ئەم منداڵە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ماڵی خۆیان و لە نووسیگەی تایبەتیی پزیشکێکدا دەرمان کرا، بەڵام لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەردا بە هۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستییەوە بردوویانەتە نەخۆشخانە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە هۆی ئیلتیهابی خەست و قورسی شوێنی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.

پەروین حەسەن‌ئابادی لە درێژەدا وتی: «تەرمی نیما لە هەمان ئەو نەخۆشخانەیەوە ڕەوانەی پزیشکیی دادی ورمێ کرا و تا دوو ڕۆژ پێیان نەداینەوە. دامودەزگا ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێ کردین ئەگەر بێت و لەسەر چۆنێتیی کوژرانی نیما قسە بکەین یان ڕێوڕەسمی سەرخۆشیی گشتیی بۆ بگرین، هەمان ئەو بەڵایەی بەسەر نیمادا هێناویانە بەسەر لاوانی تری بنەماڵەکەیشماندا دەیهێنن».

بە وتەی دایکی نیما، ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن لە گوندی «زیندەشت»ی شاری سەڵماس و لەژێر چاودێریی قورسی ئەمنیدا بەڕێوە چووە و دوای ئەسپەردەکردنەکەیش تاقمێکی چەکدار لە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵەکەیان و بە هەڕەشە بنەماڵەکەیان ناچار کردووە بڵێن نیما بە هۆی ئەوەی سەگ قەپی لێ گرتووە گیانی لەدەست داوە.

نیما (ئەسڵان) شەفەقدۆست لەدایکبووی ٢١ی خەرمانانی ١٣٨٤ (١٢ی سێپتامبری ٢٠٠٥)ی ورمێ بوو کە تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندبووی و پاشان لە چێشتخانەیەکدا لە گەڕەکی ئیسلامئاوای شاری ورمێ دەستی بە کار کردبوو.