ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی داریا میکاییلی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ کە بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان بریندار بوو و حەفتەی ڕابردوو بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندان (١٦ی فێبرییە) لە شاری ورمێ بەڕێوە چووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «لە حەفتەی ڕابردووەوە و دوابەدوای گیانلەدەستدانی داریا میکاییلی لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، هێزە ئینتیزامییەکان تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەدەکردەوە و ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دەکرد، تاکوو دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندان (١٦ی فێبرییە) ئەو ڕێوڕەسمە لە گۆڕستانی ورمێ بەڕێوە چوو. ئاسەواری گوللە و ئەشکەنجە لەسەر تەرمی داریا بە ڕوونی دەبینرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە داوای یاساییان لەسەر هێزە ئینتیزامییەکان بە تۆمەتی کوشتنی منداڵەکەیان تۆمار کردووە و پارێزەرێکیش لە دادسەرای سەربازیدا بەدواداچوونی بۆ کردووە، بەڵام هێزە ئینتیزامییەکان هەڕەشەیان لەو پارێزەرە کردووە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «بەپێی شایەتیی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە کە لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەنداندا (١ی فێبرییە) لە گەڕەکی کوشتارگا بوون، ئۆتۆمبێلەکەی داریا میکاییلی بە گومانی ئەوەی کاڵای قاچاخی پێیە، لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە ڕاوەدوو نراوە کە ناوبراو ترساوە و لە دەستیان هەڵاتووە، بەڵام دوای تەقەکردنی هێزەکان وەستاوە و تەسلیم بووە. هێزەکانی پۆلیس دوای ئەوەی ناچاریان کردبوو لەسەر زەوییەکە ڕاکشێ، لێی نزیک دەبنەوە و بە دەمانچە دوو فیشەک دەنێن بە مل و پێیەوە و سەرەڕای ئەوەی خوێنی لەبەر دەچێت، بە قورسی بە باتۆم لێی دەدەن و ئەشکەنجەی دەکەن».

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد کە سەرەڕای پێشکەشکردنی بەڵگەی متمانەپێکراو و شایەتیی شایەتحاڵەکان بە دادسەرای سەربازی و نەبوونی کاڵای قاچاخ لە ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییەدا، دادگا تا ئێستە ئامادە نەبووە لێکۆڵینەوە بۆ داواکەی ئەم بنەماڵەیە بکات و هیچکام لە پۆلیسەکان نەکەوتوونەتە بەر لێپێچینەوەی یاساییەوە.

داریا میکاییلی، ٢٣ ساڵان، خەڵکی سەڵماس، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی کوشتارگای ورمێ بوو کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندان (٨ی فێبرییە) بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.