ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خاکەلێوە (٢٢ی مارس) بێهزاد عەزیزی، هاووڵاتیی ١٩ ساڵانی خەڵکی گوندی «دەرەشێخان»ی بانە، لە خاڵی پشکنینی دەروازەی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا. سەرەڕای ئامادەبوونی بنەماڵەی ئەم لاوە کوژراوە لە دادگای بانەدا بە مەبەستی تۆمارکردنی داوای یاسایی دژ بە هێزەکانی سپای پاسداران، بەڵام تا ئێستا دادگا هیچ هەنگاوێکی بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە هەڵنەگرتووە و بەرپرسانی پێوەندیدار دۆسیەکەیان پشتگوێ خستووە.
کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «بێهزاد عەزیزی، هاووڵاتیی ١٩ ساڵانی خەڵکی بانە، لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ گوندەکەی خۆی لە خاڵی پشکنینی کەریمئاوا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران و دوای ئەوەی گوللەیەک بەر سەری کەوت دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. لە کاتی ڕووداوەکەدا بێهزاد لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بەتەنیا بووە و هێزەکانی سپای پاسداران بەبێ هیچ هۆکارێک لە مەودای چەند مەترییەوە تەقەیان لێ کردووە و کوشتوویانە».
خاڵی پشکنینی کەریمئاوا دوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا کراوەتەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای گواستنەوەی تەرمی ئەم هاووڵاتییە بۆ پزیشکیی دادی بانە، دامودەزگا ئەمنییەکان بنەماڵەکەیان ناچار کردووە بە شەو تەرمەکەی لە زێدی خۆیاندا ئەسپەردە بکەن.
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگای دەزگای دادوەرییەوە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و لێپێچینەوە لە هێزەکانی سپای پاسداران هەڵنەگیراوە.