تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی نەوسوود

برینداربوونی چوار کۆڵبەر، لەوانە منداڵێک، بە دەسرێژی هێزە سنوورپارێزەکانی نەوسوود

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/killing-of-civilians/2023/06/06/p14210

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ ١٥ی جۆزەردان (٥ی ژوەن) دەستەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کەوتوونوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کە لە ئەنجامدا ٤ کۆڵبەر، لەوانە منداڵێک، بریندار بوون.

ناسنامەی ئەم ٤ کۆڵبەرە بەم جۆرە راگەیەنراوە: شوان (پاشناو نادیار)، ٣٥ ساڵان و خەڵکی گوندی «ساتیاری»، عەلی حسەینی، ١٧ ساڵان و خەڵکی گوندی «بڵبەزان»، سۆران دانشی، ٢٠ ساڵان و خەڵکی گوندی «بڵبەزان» و کاوان حسەینی، ١٨ ساڵان و خەڵکی گوندی «دشە»ی پاوە.

ئەم کۆڵبەرانە براونەتە ناوەندێکی پزیشکیی شاری هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان.

شایانی باسە بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوویش کۆڵبەرێکی ٢٠ ساڵان بە ناوی هۆشیار حەسەنزادە لە ناوچەی سنووریی «زەلێ»ی شاری بانە لە پارێزگای کوردستان کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و گیانی لەدەست دا.