بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٦ی پووشپەڕ (٧ی جولای) ٢ ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی عادل موهاجیر و لوقمان ئاجی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو چالاکیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار و ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی عادل موهاجیر و لوقمان ئاجی لە ناوچەی «هەڵشۆ»ی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان بە دەسڕێژی گوللە تیرۆر کراون. لەم دەسڕێژەدا چالاکێکی سیاسیی دیکەیش بە ناوی سەعید مورادپوور بریندار بووە.
حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە چەند ئەندامێکی حیزبی دیمۆکرات لە ناوچەی «هەڵشۆ»ی شاری قەڵادزێ لە چوارچێوەی پلانێکی پێشوەختەدا لە لایەن کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسڕێژیان لێ کراوە کە لە ئەنجامدا ٢ ئەندامی ئەم حیزبە تیرۆر کراون.
پێشتر و لە پووشپەڕ و گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ژوەن و جولای ٢٠٢١) مووسا باباخانی، لە ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی، چالاکی سیاسیی کورد، لە لایەن دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێری هەرێمی کوردستان تیرۆر کرابوون.