هاووڵاتییەکی ٥٠ ساڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوی قازی موستەفا لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری ناوچە سنوورییەکاندا و لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی سنووریی «بەمۆ»ی سەر بە «ئەزگەلە»ی شاری سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان و گیانی لەدەست داوە.
کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕ (١١ی جولای) لە بەشێک لە ناوچەی کوێستانیی نزیک لە گوندی «کانی پاشا» ئاگر کەوتەوە و ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە چوون بۆ ئەو ناوچەیە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و خەڵک گەڕانەوە بۆ گوندەکەیان، بەڵام قازی موستەفا کە یەکێک بوو لەوانەی چووبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بزر بووبوو و نەگەڕابووەوە. ڕۆژی دواتر و دوای گەڕانی خەڵک، ئاسەواری خوێن و گوللە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەدۆزنەوە و دەرکەوت کە ئەم هاووڵاتییە دوای ئەوەی کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و بریندار بووە، لە لایەن ئەم هێزانەوە بەسەر عەرزدا ڕاکێشراوە و گوازراوەتەوە بۆ ناو خاکی ئێران».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «دوای سەردانکردنی بنەماڵە و خزمانی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئێران، دەرکەوت کە بە دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە و تەرمەکەیان بردووەتە پزیشکیی دادی کرماشان».
ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی پووشپەڕ (١٦ی جولای) دوای ئەنجامدانی پرۆسەی یاسایی، تەرمی ئەم هاووڵاتییە لە خاڵی سنووریی پەرویزخانی پارێزگای کرماشانەوە گرازرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە گۆڕستانی شارۆچکەی «زەڕایەن»ی سەر بە هەڵەبجە ئەسپەردە کرا.
قازی موستەفا عەلی، ٥٠ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و ئاژەڵداری خەڵکی گوندی «کانی پاشا»ی سەر بە هەلەبچەی هەرێمی کوردستان بوو.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی سنووریی «گەرمک»ی شاری پێنجوێن لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری ناوچە سنوورییەکاندا بە دەسرێژی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار بوون.