چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عەلی نەزەری لە چوارڕیانی سەرەکیی گەڕەکی «جافرئاوا»ی کرماشاندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی کەلانتەریی پۆلیس و گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ٢٠ی شەوی چوارشەممە ٣ی پووشپەڕ (٢٦ی جولای) هێزەکانی کەلانتەریی جافرئاوا لە چوارڕیانی سەرەکیی ئەم گەڕەکەدا کەوتنە ڕاوەدوونانی ئەم هاووڵاتییە کە پێشتر لە دۆسیەیەکی یاساییدا بە تۆمەتی «تێکهەڵچوون و بریندارکردن» سزای پێدانی دیەی بۆ دەرچووبوو.
عەلی نەزەری لە حاڵێکدا کە بە پێی پیادە هەڵدەهات لە مەودایەکی نزیکەوە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسەوە و چەندین گوللە بەر سەر و قەفەزەی سینگی کەوت و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.
تەرمی ئەم هاووڵاتییە ٤٠ ساڵەیەی دانیشتووی گەڕەکی جافرئاوا گوازراوەتەوە بۆ پزیشکیی دادی کرماشان و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.