سەربازێک بە ناوی سیرووس شوکریی ئەلیاسی، خەڵکی گوندی «دڵاوا»ی شاری سەڵماس، بە هۆی دەسڕێژی چەکەوە لە بنکەیەکی سوپای پاسداران لەم شارەدا کوژراوە. ئەگەرچی بەرپرسانی سوپای پاسداران وتبوویان کە ئەم سەربازە خۆی کوشتووە، بەڵام پزیشکیی داد ڕایگەیاندووە کە لە مەودای دوورەوە گوللەی پێوە نراوە.
کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) بەرپرسانی بنکەی سوپای پاسداران لە گوندی «دێلەزی» لە ناوچەی شەپیرانی سەڵماس پێوەندییان بە بنەماڵەی ئەم سەربازەوە کردووە و ڕایانگەیاندووە کە منداڵەکەیان خۆی کوشتووە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «دوابەدوای گواستنەوەی تەرمی سیرووس بۆ پزیشکیی داد و ئەنجامدانی پشکنین و توێکاری، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنراوە کە کوڕەکەیان بە هۆی بەرکەوتنی گوللە لە مەودای دوورەوە کوژراوە و گریمانەی خۆکوشتنیان ڕەت کردووەتەوە».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «لەبەر ئەوەی ئامۆزایەکی ئەم هاووڵاتییە بە ناوی مووسا کوبانی لە گیانبەختکردوانی ناسراوی شەڕی دژ بە داعش لە کۆبانی بووە و هەروەها بە هۆی باسوخواسی سیاسیی نێوان ئەو و ئەندامانی سوپای پاسداران لە ناو ئەم بنکەیەدا، چەندین جار لە لایەن یەکێک لە فەرماندەکانی بنکەکەوە هەڕەشەی لێ کرابوو. هەروەها لە چەند مانگی ڕابردوودا و هەر لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، سزای ٣ مانگ سەربازیی زیادەی بەسەردا سەپێنرابوو».
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد کە بەرپرسانی بنکەکەی سوپا دوای کوژرانی سیرووس شوکریی ئەلیاسی سەرەتا دەنگۆیەکی وایان بڵاو کردبۆوە کە گوایە هێزەکانی سەر بە حیزبێکی کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە و سیرووس لە تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەو هێزەدا کوژراوە، بەڵام دوای جەند کاتژمێرێک بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەکی تر رایانگەیاندبوو کە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ناو ئەو بنکەیەدا خۆی کوشتووە.