محەممەددەماوەند میرزایی، کاسبکاری خەڵکی کامێران کە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە جادەی کەرەج بۆ تاران کەوتبووە بەر دەسڕێژی هێزەکانی بەشی ڕووبەڕووبوونەوەی کاڵای قاچاخی هێزی ئینتیزامیی ئێران و بریندار بووبوو، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە ناوەندێکی پزیشکیی تاران گیانی لە دەست دا.

ئەمە دووەم حاڵەتی کوشتنی کاسبکاران و هاووڵاتیانی کوردە دەستی هێزە ئینتیزامییەکان لە یەک حەفتەی ڕابردوودا. پێشتر و لە ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) سوهەیب ئەحمەدی، هاووڵاتیی لاوی ٢٠ ساڵانی خەڵکی جوانڕۆ، لە شەقامێکی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی ئەو هێزانە و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، محەممەددەماوەند میرزایی، کاسبکاری ٤٥ ساڵانی خەڵکی کامێران و باوکی دوو منداڵ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) دوای ئەوەی لە جادەی کەرەج بۆ تاران هێزەکانی دەوریەی ڕووبەڕووبوونەوەی کاڵای قاچاخی هێزی ئینتیزامی کەوتنە دوای و دەسڕێژیان لێ کرد، سێ گوللەی بەر کەوت و بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کاسبکارە کوردە کە بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی تاران کرابوو، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٧ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەرساڵ ژمارەیەک هاووڵاتی و کاسبکاری کورد بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ، لەوانە قوماش، جگەر، کەرەستەی جوانکاری و…، لە جادەی نێوان شارەکاندا دەکەونە بەر دەسڕێژی هێزەکانی بەشی ڕووبەڕووبوونەوەی کاڵای قاچاخی هێزی ئینتیزامیی ئێرانەوە و دەکوژرێن. بەڵام تا ئێستا هەموو بەدواداچوون و سکاڵاکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتیانە لە دادسەرا سەربازییەکانی ئێراندا هیچ ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە.