ئێوارەی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) محەممەد عەزیزی، هاووڵاتیی ٣٥ ساڵانی خەڵکی قەسری شیرینی کرماشان، لە تێرمیناڵی سنووریی «پەروێزخان»ی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئینتیزامییەکان و کوژرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزە ئینتیزامییەکان کاتێک کە هەوڵی دەستبەسەرکردنی محەممەد عەزیزییان دەدا لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کردووە و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا شان و زگی بە سێ گوللە پێکراوە و هەر ئەمەیش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە.

تەرمی محەممەد عەزیزی هەمان شەو گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی «حضرت ابوالفضل»ی قەسری شیرین و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ڕادەستکردنەوەی تەرمەکە بە بنەماڵەکەی بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت محەممەد عەزیزی حەفتەی ڕابردوو تێکهەڵچوونێکی لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکاندا بۆ دروست بووە و ئەو هێزانە شەوی ڕابردوو بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی دەڕۆنە تێرمیناڵی سنووریی پەروێزخان.