هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە گوندی «دەرەکێ»ی سەر بە سەوڵاوا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک کرد و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا، منداڵێکی ١٥ ساڵان بە ناوی سام حەسەنی دەسبەجێ گیانی لە دەست دا و باوکیشی، ئەحسەن حەسەنی، بریندار بوو.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٩ی جولایی ٢٠٢٦) ئەو بنەماڵەیە کە لە جادەی گوندی دەرەکێدا بە ئۆتۆمبێلێکی ستەیشن لە باخەکەیانەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە، کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی نزیک گوندەکەیان، لەم دەسڕێژەدا سام حەسەنی لە لای سەرەوە پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە، باوکیشی، ئەحسەن حەسەنی، لە لای قاچەوە بریندار بووە.
تەرمی ئەم منداڵە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان ڕەوانەی بەشی مردووخانەی نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان کراوە و تا ساتی ئامادەکردنی هەواڵەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، پاوە، بانە و سەردەشت باس لە توندکردنەوەی کەشی ئەمنی و فراوانکردنی هێزە چەکدارەکان لەم ناوچانەدا دەکەن. بە وتەی ئەم سەرچاوانە، هێزە سنوورپارێزەکان و سوپای پاسداران لە هەندێ شوێنی ئەو ناوچانەدا ڕێگری لە هاتوچۆی ئازادانەی خەڵکی گوندەکان بۆ باخ و لەوەڕگەکانی خۆیان دەکەن و بەربەستی زیاتریان لەسەر هاتوچۆی دانیشتوانی خۆجێیی ناوچەکە داناوە.