ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە مانگی بەفرانباردا؛ ٥ کوژراو و ١٣ بریندار
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/kulbar/2020/01/23/p7857
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆ کراونەتەوە، لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، ٥ کۆڵبەر و کاسبکار لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون، هەروەها ١٣ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئەو ئامارانە، دوو کەس لەو کوژراوانە لە مانگەکانی ڕابردوودا کرابوونە ئامانجی تەقەی هێزە سەربازییەکان و سەرئەنجام لەم مانگەدا بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لە دەستداوە.
سەبارەت بە ئاماری بریندارەکان پێویستە بگوترێت کە ١٠ کەس لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و ٣ کەسی دیکەش بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەسەر تاشەبەرد و بەرزاییەکانەوە برینداربوون.
جێگەی ئاماژەیە لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە ٢ کوژراو و ٢ بریندار و ناوچە سنوورییەکانی خۆی بە ٣ بریندار زیاترین قوربانییان لێکەوتووەتەوە. ئامارەکان پیشانی دەدەن کە هەموویان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە سەربازییەکاندا کوژراون و برینداربوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا بڵاوکردووەتەوە. بەگوێڕەی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٧٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەلایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران یان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکان و ڕێگا مەترسیدارەکانەوە گیانیان لەدەست داوە. و ١٦٥ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون.

بابەتی پەیوەندیدار
-
سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ئەنجامی تەقەی هێزە سەربازییەکاندا بریندار بوون
-
کۆڵبەرێک بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی هەورامان برینداربوو
-
دوو کۆڵبەر لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا برینداربوون
-
لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز بێ سەروشوێنن
-
یەکێک لە کۆڵبەرە بێ سەروشووێنەکانی سەرشیوی سەقز گیانی لە دەستدا / دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنووییەکان برینداربوون
-
دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی پاوە برینداربوون