دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی پاوە برینداربوون
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/kulbar/2020/02/09/p22820
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٠ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٩، پۆلێک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شۆشمێ سەر بە شاری پاوە کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری کۆماری ئیسلامییەوە. ئەو هێزانە پاش دەستبەسەرکردنی کۆڵبەرەکان تەقەیان لە بارەکانیان کردووە و لەو سەروبەندەدا گولـلەیەک بەر قاچی کۆڵبەرێک کەوتووە، کۆڵبەرێکی دیکەش لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەشکەنجەدراوە و ئێستا چاوی نابینێت.
سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوە لەمبارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: ” پاش ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور تەقەیان لە بارەکان کرد کە هەڵگری تەلەفزیۆن بوون، یەک لە کۆڵبەرەکان هەوڵی دا خۆی لە دەست بارەکەی ڕزگار بکات و بارەکەی فڕێ بدات، بەڵام گولـلەیەک بەر قاچی کەوت، کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی پەیمان عەبدی بەهانای کۆڵبەرە بریندارەکەوە چوو کە ئەو هێزانە پەلاماریان دا و بە باتون و سپرای گازی بیبەر ئەشکەنجەیان دا”.
بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، دەموچاوی پەیمان عەبدی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی شاری نەوسود پاش ئەشکەنجەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور برینداربووە و چاوەکانیشی تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نابینێت.
هەروەها ئەو کۆڵبەرەی دیکە کە گولـلە بەر قاچی کەوتووە، لە ترسی دەستبەسەرکردنی ڕای کردووە و لە ئێستادا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕەوشی لە بەر دەستدا نییە. ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە لای تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کەوردستان پارێزراوە.
بابەتی پەیوەندیدار
-
لە پیرانشار و پاوە دوو کۆڵبەر کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون
-
فەردین ڕوستەمنژاد، کۆڵبەری لاوی خەڵکی پاوە، دوای ١٨ مانگ برینداری گیانی لە دەست دا
-
برینداربوونی ماردین شوکری، کۆڵبەری خەڵکی پاوە، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان لە نەوسوود
-
کوژرانی محەممەد ڕەحیمی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی پاوە، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران
-
کوژرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە و خۆی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان
-
هەوڵی هێزەکانی پۆلیس و سپا بۆ دەستبەسەرداگرتنی باری کاسبکاران، گرژی و تێکهەڵچوونی لێ کەوتەوە