له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به هۆی ته‌قه‌كردنی هێزه سەربازییەکانی ئیران و توركیاوە دوو كۆڵبه‌ر و كاسبكاری سەرسنوور به ناوه‌كانی زیاد ئیسباتی حه‌یده‌رانلوو و ئیبراهیم ئه‌بووبه‌كری له ناوچه سنوورییه‌كانی چاڵدۆران و پیرانشار له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا كوژراون.
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٠ی پووشپه‌ڕ هێزه‌كانی ئەرته‌شی توركیا له سنووری چاڵدۆران كاروانێكی كۆڵبه‌رانیان دایه به‌ر ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆ و به هۆی ئه‌م تهقهلێكردنهوە كۆڵبه‌رێك به ناوی زیاد ئیسباتیی حەیدهرانلوو كوژراوه.
ئه‌م كۆڵبه‌ره خه‌ڵكی گوندی “گول”ی چاڵدۆران و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ئیسلام‌ئاوای شاری ورمێ بوو، ناوبراو ٣٥ ساڵ ته‌مەن و باوكی منداڵێك بوو.
هه‌روه‌ها به‌پێی ڕاپۆرتێكیتر، هاوكات به هۆی ته‌قه‌كردنی هێزه‌كانی سپای پاسدارنه‌وه له ژماره‌یه‌ك له كاسبكارانی سەرسنوور لە دەوروبەری ناوچه سنوورییەکانی چیای قه‌ندیل له شاری پیرانشار، كاسبكارێكی سەرسنوور به ناوی ئیبراهیم ئه‌بووبه‌كری گیانی له ده‌ست داوه. ده‌وترێ ئه‌م كاسبكاره له كاتی گواستنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵیش بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌وتۆته به‌ر ته‌قه‌ی هێزه‌كانی سپای پاسدارانه‌وه. ناوبراو باوكی سێ منداڵه و خه‌ڵكی گوندی “نمنجه”ی پیرانشاره.
به پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له لایه‌ن تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانه‌وه كۆ كراوه‌ته‌وه، له سه‌ره‌تای مانگی پووشپه‌ڕه‌وه تا ئێستا شه‌ش كۆڵبه‌ر و كاسبكاری سه‌رسنوور به‌ناوه‌كانی زیاد ئیسباتی، ئیبراهیم ئه‌بوبه‌كری، قاسم سه‌رباز، شاكر(عه‌لی) بروكی میلان، سالم سڵێماننهژاد و یووسف ئه‌حمه‌دی»بە ته‌قه و دەسڕێژی ڕاسته‌وخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و توركیا له ناوچه سنوورییەکانی وقمێ، چاڵدۆران، سه‌رده‌شت و پیرانشار كوژراون. كوڵبهرێكیش به ناوی ئایه‌ت یووسفی له كاتی ڕاوه‌دوونان و هەڵاتندا بەر بۆتەوە ناو ڕووباری سیروان و گیانی له ده‌ست داوه، هه‌روه‌ها ١٠ كه‌سی دیكه‌ش به هۆی ته‌قه‌كردنی هێزه چەکدارەكانی ئێرانەوە بریندار بوون.