بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانان هێزەکانی سەر بە ئەرتەشی تورکیا لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەی ڕاستەوخۆیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی گەنج بە ناوی شارام محەممەدی دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و کۆڵبەرێکی‌تر بە ناوی جەعفەر ڕەهبەری بە قورسی بریندار بووە.
ناوبراو ئێستا لە ناوەندێکی تەندروستیی شاری واندایە، بەڵام تا ئێستا تەرمی شارام محەممەدی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
لە سەرەتای خەرمانانەوە تا ئێستا لانیکەم ٥ کۆڵبەر و کاسبکاری سەرسنوور لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و چاڵدۆران بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ١١ کۆڵبەری دیکەیش لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، پیرانشار، چاڵدۆران و قەتوور بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران و تورکیا بریندار بوون. لەم ماوەیەدا ٣ کۆڵبەریش بە هەندێ ڕووداوی دیکەی وەک داکەوتن لە بەرزایی و ڕووداوی ئۆتۆمبیلەوە بریندار بوون.