دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ئیبراهیم ڕەسوولیان و ڕەحیم ئیرەجی لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و بانە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار بوون.
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی‌ ٦ی ڕه‌زبه‌ر کۆڵبەرێک بە ناوی ئیبراهیم ڕەسوولیان لە ناوچەی سنووریی ئالانی سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار بووە. ئەم کۆڵبەرە ٢٢ ساڵەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کراوە.
هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەریش هێزەکانی پاسەوانی سنوور بانە لە ناوچەی هەنگەژاڵەی ئەم شارە تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد و کۆڵبەرێکی ٣٢ ساڵەی خەڵکی سەقزیان بە ناوی ڕەحیم ئیرەجی بریندار کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان کۆی کردۆتەوە، لە خەرمانانی ئەمساڵدا لانیکەم ٧ کۆڵبەر و کاسبکاری سەرسنوور بە ناوەکانی زانکۆ ئەحمەدی، زانست حەسەن‌نژاد، سرووش مەکاری، جەلال خزری، شەهرام موحەممەدی، سەلاحەدین عوسمانزادە و حەسەن خەندەپوور بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، چاڵدۆران و پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کوژراون و ١١ کۆڵبەر و کاسبکاری کوردی دیکەیش بریندار بوون.