له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا دوو كۆڵبه‌ر به‌ ناوه‌كانی شیروان مووساپه‌نا و خزر ڕه‌سووڵی، یەکیان به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور و ئەوی دیکەیان بە هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ له‌ به‌رزایی، لە ناوچه‌ سنوورییەکانی سه‌رده‌شتی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و بانه‌ی پارێزگای كوردستان، بریندار بوون. 

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٠ی سه‌رماوه‌ز هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور له‌ ناوچه‌ی سنووریی «نۆکان»ی سه‌رده‌شت تەقەیان له‌ گرووپێكی كۆڵبه‌ر کردووە و لە ئەنجامدا كۆڵبه‌رێك به‌ناوی شیروان مووساپه‌نا بریندار بووه‌، ئه‌م كۆڵبه‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌رکردن ڕەوانەی هه‌رێمی كوردستان کراوە.

هاوكات كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ به‌ ناوی خزر ڕه‌سووڵی له‌ ناوچه‌ی سنووریی «نه‌نۆر»ی بانه‌، له‌ كاتی هەڵاتن لە دەست هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووردا، له‌ به‌رزاییه‌كانی ئەو ناوچە سنوورییەوە كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و بریندار بووه‌. 

به‌پێی ئاماره کۆکراوە‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له‌ مانگی گه‌ڵاڕێزانی ئه‌مساڵدا لانیكه‌م ٦ كۆڵبه‌ر به‌ ناوه‌كانی موسلیم خدری، چاووش كوره‌سەنی، كه‌مال عه‌له‌م‌هوولی، حه‌سه‌ن ده‌لایی میلان، وه‌سیم فه‌ردینزاده‌ و هاكان موحه‌ممه‌دزاده‌ به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری ئێران و توركیا له‌ ناوچه‌ سنوورییەکانی ورمێ، خۆی، سه‌رده‌شت و چاڵدۆران له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا كوژراون و ٧  كۆڵبه‌ر و كاسبكاری كوردی دیکەیش هەر به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری ئێران و توركیا‌ بریندار بوون.