دوابه‌دوای بێسه‌روشوێنبوونی ٥ كۆڵبه‌ری گوندی “کوڕان”ی ورمێ له به‌رزاییه‌كانی سه‌رسنووری نزیك گوندی “دریشک”ی كوردستانی توركیا کە له ڕێكه‌وتی ٢٩ی به‌فرانباردا (١٨ی ژانویه) له ڕێگادا تووشی هه‌ره‌سی به‌فر ببوون، خه‌ڵكی ناوچه‌كه باس له دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی هەر ٥ کۆڵبەرە ده‌كه‌ن. پێشتر تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان هه‌واڵی ونبوونی فه‌رات خودایی، ئه‌ولایی خودایی، بیله‌ن ئه‌حمه‌دی، یاوه‌ر ئه‌سڵانی و مه‌تین ئه‌سڵانیی ڕاگه‌یاندبوو.
یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌گه‌ڵ گرووپێكی خه‌ڵكی ناوچه‌كه له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی كۆڵبه‌ره بێسه‌روشوێنه‌كاندا بووە، له‌م باره‌وە به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «كاتژمێرێك پێش سه‌ره‌ڕای فەزای ئه‌منییه‌تی له نزیكی گوندی “كوڕان”ی ورمێ، به هه‌وڵ و تێكۆشانی ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه ته‌رمی ٥ كۆڵبه‌ر له به‌رزاییه‌كانی سەرسنوور و له ژێر به‌فر هێنرایه ده‌ره‌وه».
ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌م كۆڵبه‌رانه پێشتر له وتووێژێكدا له گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان باسیان له كه‌مته‌رخه‌میی ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌كانی ئێران و توركیا لە ئاست بێسه‌روشوێنبوونی ئه‌م پێنج كۆڵبه‌ره‌دا كرد و نیگەرانی و توڕه‌بوونی خۆیان ده‌ربڕیبوو. ده‌وڵه‌تی توركیا له لایه‌كه‌وه هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی بۆ دوزینه‌وه‌ی ئه‌م كۆڵبه‌رانه هەڵنەگرتووە و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هێزه‌كانی ئه‌رته‌شی توركیا مۆڵەتیان بە خه‌ڵكی ناوچه‌كه نەداوە بۆ دۆزینەوەی کۆڵبەرەکان بچنە ناو ئەو وڵاتەوە.
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٦ی ڕێبه‌ندان ( ٢٥ی ژانویه)، چالاكێكی مه‌ده‌نیی خه‌ڵكی ورمێ‌ش له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان باسی له گەمارۆدانی گوندی كوڕان له لایه‌ن هێزه‌كانی پاسەوانی سنووری ئێرانه‌وه كرد. خه‌ڵكی ناوچه‌كه له شاره جۆرواجۆره‌كانه‌وه بە مەبەستی ڕێکخستنی گرووپی پشکنین و گه‌ڕان سه‌ردانی گوندی كوڕانیان كردبوو، به‌ڵام هێزه سنوورپارێزه‌كان دوای ئه‌وه‌ی ڕێگایان نه‌دابوو ئه‌م كه‌سانه بڕۆنه ئه‌و ناوچانه، ڕێگای هاتوچۆی گونده‌كه‌شیان داخست.
ده‌وترێ كاروانێك له ده‌یان ئۆتۆمبیلی خۆبه‌خشی خه‌ڵك بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئه‌م كۆڵبه‌رانه‌دا ویستبوویان بڕۆنه گوندی كوڕان، به‌ڵام له دەروازەی چوونەژوورەوەدا بۆ گوندەکە ڕاگیران و نەیانهێشتووە بڕۆنە ناو گوندەکەوە.
گوندی سنووریی كوڕان زیاتر له هه‌زار كه‌س دانیشتووی هەیە و زۆربه‌یان به هۆی بێكارییه‌وه ناچارن بۆ بژێوی ژیان روو له كۆڵبه‌ری له ناوچه سنوورییه‌كاندا بکەن. ته‌نیا له یه‌ك ساڵی ڕابردوودا لانیكه‌م ٤ كۆڵبه‌ری خه‌ڵكی ئه‌م گونده به ته‌قه‌ی هێزه سنوورپارێزه‌كانی ئێران و توركیا كوژراون.