شه‌وی ڕابردوو به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری “نۆکان”ی سه‌رده‌شتەوە له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا. كۆڵبه‌رێكی لاو به ناوی خالێد ئه‌حمه‌دپوور كوژرا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ناوچه‌كه دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «كاتژمێر ٩ی شه‌وی ڕابردوو ١٥ی ڕێبه‌ندان (٣ی فێبریە)، هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی سنووریی نۆکانی سەردەشت لە حاڵێکدا کە تەنیا چەند مەترێک لە کاروانێکی کۆڵبەران دوور بوون، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کرد و لە ئەنجامدا كۆڵبه‌رێك به ناوی خالید ئه‌حمه‌دپوور بەر گوللە کەوت و ده‌ستبه‌جێ گیانی لەدەست دا».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، خالید ئه‌حمه‌دپوور ته‌مه‌ن ٢٨ ساڵان و باوكی دوو منداڵه و خه‌ڵكی گوندی “ورده”ی سه‌رده‌شتە کە به هۆی به‌ركه‌وتنی گولله‌وه كوژراوه و هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور دوای كوشتنی ناوبراو له شوێنی ڕووداوه‌كه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، ته‌رمی ئه‌م كۆڵبه‌ره له لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سه‌رده‌شت كراوه.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یە له درێژه‌دا وتی: «ئه‌م گرووپە كۆڵبه‌ره له كاتی ڕۆشتندا بۆ سنوور له مه‌ودای چه‌ند كیلۆمیتریی سننوور و لە ناو خاكی ئێران‌دا كه‌وتنه به‌ر گولله و هه‌ڵگری هیج جۆره بارێك نه‌بوون».
ڕۆژی ڕابردوویش تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستان به بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتە هەواڵێک، كوژرانی كۆڵبه‌رێكی له سنووری “هەنگه‌ژاڵی” بانه‌ی پارێزگای كوردستان به ناوی هاشم حه‌سه‌نی ڕاگەیاندبوو.