ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی ڕێبەندان هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی بێهزاد هاشمی ئەسڵ کە دوو ڕۆژ پێشتر لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکاندا ئۆتۆمبیلەکەی وەرگەڕابوو و بە قورسی بریندار ببوو، لە نەخۆشخانەی خۆی گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “شەوی شەممە ١٨ی ڕێبەندان، هێزە ئینتزامییەکان لە جادەی خۆی بۆ ماکۆدا کەوتبوونە دوای ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتییە کوردە و تەقەیان لێ کردبوو کە لە ئەنجامدا گوللە بەر تایەکەی کەوتووە و بۆتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکە“. 

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بێهزاد هاشمی ئەسڵ لە ئاکامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەدا بە قورسی بریندار دەبێت و دەچێتە کۆماوە، ڕۆژی ڕابردوویش دوای دوو ڕۆژ خەوتن لە نەخۆشخانەدا گیانی لەدەست داوە.

بێهزاد هاشمی ئەسڵ ٣٢ ساڵان، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی “بەهیک”ی سەڵماس بوو.