بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمە کۆڵبەرێک بە ناوی ئیبراهیم پوورمحەممەد بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا لە بەرزاییە سنوورییەکانی چاڵدۆرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا گیانی لەدەست داوە.

ئیبراهیم پوورمحەممەدی ٢٧ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «قەرەجۆران»ی چاڵدۆران بووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا ٤ کۆڵبەر بە ناوەکانی هاشم حسەینی، خالید ئەحمەدپوور، ئارام جاتەن و شەهرام قادری بە هۆکاری وەک تەقەکردن، داکەوتن لە بەرزاییەکانی سەرسنوور و ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانیان لەدەست داوە و ٦ کۆڵبەری دیکەیش بریندار بوون.