ڕۆژی ڕابردوو بە هۆی تەقەکردنی هێزە ئینتزامییەکانەوە لە ناوچەی سنوریی گوندی «بلەکی»ی بانە لە پارێزگای کوردستان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی حسەین فەرەجی گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دەمەوبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی جۆزەردان، هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای گوندی سنووریی بلەکیی بانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لە ئۆتۆمبیلی کاسبکارێکی کورد کردووە و لە ئەنجامدا کاسبکارێکی ٦٠ ساڵان بە ناوی حسەین فەرەجی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە چەکدارەکان لە حاڵێکدا تەقەیان لە ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتییە کردووە کە هەڵگری هیچ بار و کاڵایەک نەبووە.

حسەین فەرەجی، ٦٠ ساڵان و باوکی ٥ منداڵ و دانیشتووی شاری «ئارمەردە»ی بانە بووە.