ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕ لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی «دۆڵەبی»ی سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کۆڵبەرێکی ٣٦ ساڵان بە ناوی واحید محەممەدپوور گیانی لەدەست داوە. تەنها لەم ١٠ ڕۆژەی ڕابردوودا ٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ ئێراق و تورکیا بە دەستی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و تورکیا کوژراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردەشت وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوشتنی ئەم کۆڵبەرە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئێوارەی ڕۆژی شەممە دەستەیەک کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا لە لایەن هێزەکانی پاسگای سوورە گۆییژی سەردەشتەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لێ کراوە و بە داخەوە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا واحید محەممەدپوور پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە کە لە پشتەوە گوللەیەکی بەر کەوتووە و کوژراوە، لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە ڕەوانەی پزیشکیی دادی سەردەشت کراوە و پاشان لە گوندی بیرانی ئەو شارە ئەسپەردە کراوە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «واحید محەممەدپوور لەدایکبووی ١٣٦٤ و دانیشتووی شاری سەردەشت، باوکی سێ منداڵ بوو. ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەبەر بێکاری ڕووی لە کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کردبوو».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆتە کردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە و چونکوو هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایی لەسەر کوشتنی کۆڵبەران لە ئارادا نییە، هەر بۆیە ئەم هێزانە بەردەوامن لە کەشتنی کۆڵبەران.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی جۆزەرداندا ٧ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان گیانیان لەدەست داوە. یەک لەم کۆڵبەرانە بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا و یەکی دیکەیشیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی سەرسنوورەوە گیانیان لەدەست داوە. ٣ کەسیش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و ٢ کەسەکەی تریش بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی تورکیا و ئێراق کوژراون. هەروەها هەر لەم مانگەدا ١٠ کۆڵبەری کوردی تر لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و تورکیادا بریندار و کەمئەندام بوون.