به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئێوارەی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچەی سنووریی «بروێشکانی»ی بانە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ڕەسوول مولانی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە لە قاچی چەپەوە پێکراوە و بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەییوبیی بانە کراوە.

پێشتر و لە ئێوارەی ٤ی گەلاوێژدا هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی «هەنگەژاڵ»ی بانە دەستەیەک کۆڵبەریان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت داوەتە بەر دەسڕێژ کە لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی فەرەیدوون ناسری کوژراوە و لانیکەم ٥ کۆڵبەری تریش بریندار بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ ئەبووبەکر دەروێشی، نوێنەری شۆرای شاری بانە لە شۆرای پارێزگای کوردستاندا، لەم بارەوە بە هەواڵنێریی ئیلنای وتبوو:«کۆڵبەرێک دوو ڕۆژ لەمەوپێش لە خاڵی سفری سنووریدا لەگەڵ ٥ کۆڵبەری تر کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی گوللەوە کە یەکیان کوژراوە و ئەوانی تریش بریندار بوون».

ناوبراو لە درێژەدا وتبووی: «ئەم ڕووداوە لە ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژدا ڕووی داوە بەڵام بە داخەوە زانیاریی تەواوم لەسەر وردەکارییەکانی لە بەردەستدا نییە. تەنانەت نازانم ئەم کەسانە چەند ساڵیان بووە. زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەش لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا کوژراون، لە ناو سنووری ئێراندا تووشی ئەو ڕووداوە بوون».