مەرگی ٣ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و خنکان بە دووکەڵی زۆپا/ برینداربوونی دوو کۆڵبەری تر بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/kulbar/2022/02/19/p23253
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و خنکان بە دووکەڵی زۆپا لە شارەکانی پاوەی پارێزگای کرماشان و سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لەم ماوەیەدا دوو کۆڵبەری تر لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە و بانە بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندان کۆڵبەرێک بە ناوی سەعدی زەینی لە ناوچەی سنووریی «سەرتەزێن»ی بانەی پارێزگای کوردستان بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بووە. هەروەها ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان کۆڵبەرێکی ٣٣ ساڵانی خەڵکی گوندی «شمشێر»ی پاوە بە ناوی فەرشاد ڕۆستەمنژاد لە ناوچە سنوورییەکانی شۆشمێی ئەم شارە بەبێ ئادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتۆتە بەر تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بووە.
هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەنداندا دوو کۆڵبەری لاوی خەڵکی گوندی «دەڵەمەرز»ی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان بە ناوەکانی چیاکۆ تاهیری و فەردین پەناهی بە هۆی دووکەڵی زۆپاوە لە ماڵێکدا لە شاری پاوە گیانیان لەدەست داوە. ئەم دوو لاوە ٢٤ و ٢٥ ساڵەیە لەبەر بێکاری و بێدەرامەتی بە ناچاری ڕوویان کردبووە کۆڵبەریکردن لە ناوچەکانی هەورامان و ماڵێکیان لە پاوە بە کرێ گرتبوو.
لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانیشدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئازاد ئیسماعیلپوور لە بەرزاییە سنوورییەکانی گوندی «ئاڵواتان»ی سەردەشت لە ەرزاییەوە بەر بۆتەوە و گیانی لەدەست داوە. ئەم کۆڵبەرە ٣٧ ساڵەیە باوکی دوو منداڵی کەمتەمەن و خەڵکی گوندی «کوڵسە»ی سەردەشت بووە.
بابەتی پەیوەندیدار
-
برینداربوونی چوار کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود
-
برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە نەوسوود
-
ونبوونی سێ کۆڵبەری کورد لە بەرزاییە سنوورییەکانی ورمێ
-
کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان لە بانە
-
برینداربوونی کۆڵبەرێک بە گوللەی ساچمەیی هێزە سنوورپارێزەکان لە نەوسوود
-
بریندار بوونی سێ كۆڵبهر له نهوسوود به تهقهی هێزهكانی پاسهوانی سنوور