تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو کۆڵبەرێک بە ناوی سلێمان ئیبراهیمزادە لە ناوچەی سنووریی «بێتوش»ی سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە. ئەم کۆڵبەرە ٣٧ ساڵەیە باوکی منداڵێکی کەمتەمەن و خەڵکی گوندی «بنوخەڵەف»ی سەردەشت بووە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) گرووپێک کۆڵبەر لە ناوچەی سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و لە ئەنجامدا لانیکەم ٩ کۆڵبەر بریندار بوون.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە ئاوا ڕاگەیەنراوە: عەبدوڵڵا ساسلی، ساسان خانی، سەعدوڵڵا حسەینی، نامدار حسەینی، موبین مورادی، وەزیر موستەفایی، مەحموود تاوەگۆزی، مێهدی و حەبیب خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی.

ئەم کۆڵبەرانە کە بە دەیان گوللەی ساچمەیی بریندار بوون بۆ دەرمانکردن ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی شاری پاوە کراون.

وێنەی هەندێ لەو کۆڵبەرانەی لە ناوچەی سنوورییەکانی نەوسوود بە چەکی ساچمەزەنی هێزە سنوورپارێزەکان بریندار بوون