تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان بە تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە ئەنجامی ڕاوەدووناندا، بریندار بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١ی گوڵان (٢١ی ئاوریل) هێزە سنوورپارێزەکان لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە چەکی ساچمەزەن تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی دانا ڕەحمەتی خەڵکی جوانڕۆ و ڕەمەزان سابری و فەرەیدوون یووزی خەڵکی کامێران بریندار بوون.
هاوکات ٤ کۆڵبەری تریش بە ناوەکانی محەممە فەخری خەڵکی جوانڕۆ، هووشەنگ کەریمی، دارا یووزی و عابد شەجەریان خەڵکی کامێران بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە سنووەپارێزەکان و کەوتنە ناو تەلبەندەوە، بریندار بوون.
ڕۆژی هەینی ٢ی گوڵانیش (٢٢ی ئاوریل) کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی «کۆزەران»ی کرماشان بە ناوی مەیسەم شەفیعی بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بریندار بووە.
لە حاڵەتێکی تر و لە ڕۆژی ٣ی گوڵاندا (٢٣ی ئاوریل) کۆڵبەرێکی خەڵکی ڕوانسەر بە ناوی ئیسماعیل سەبۆکڕەو لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود کەوتۆتە بەر تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان و بریندار بووە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە ماوەی ٢ حەفتەی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان و لە ئەنجامی تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا، کۆڵبەرێک بە ناوی ئارش نووری کوژراوە و لانیکەم ٢٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.