تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان (٢٨ی مەی) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی «هەنگەژاڵ»ی بانەی پارێزگای کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئاکۆ ڕەسوولی کوژراوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە ٢٥ ساڵەیەی خەڵکی بانە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی ئەم شارە کراوە و تا ئێستە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم کۆڵبەرە لە مەودایەکی نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەی لێ کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی گوڵانی ١٤٠١دا (ئاوریل و مەیی ٢٠٢٢) لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژراوە و کۆڵبەرێک بە جەڵدەی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا گیانی لەدەست داوە. هەر لەم مانگەدا لانیکەم ٢٢ کۆڵبەر کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و بریندار بوون کە لە نێویاندا دوو منداڵ دەبینرێن. ٥ کۆڵبەریش لە کاتی ڕاوەدووناندا لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە و بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە و ٢ کۆڵبەریش هەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بوون.